به‌شداریمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن

Image 2

خواستی عێراقییەکان بۆ ئەپلیکەیشنی ژوانی ئەلەکترۆنی

09 شوبات 2016


ژیان    

خواستی عێراقییەکان بۆ ئەپلیکەیشنی ژوانی ئەلەکترۆنی

 

ئەگەر (گابریەل گارسیا مارکێز) ئەمرۆ لە ژیاندا بووایە، ئەوە ناونیشانی کتێبەکەی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرادا) دەبوو بە (خۆشەویستی لە سەردەمی وی چات)دا. ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەکەکان هەموو ژیانیان داگیرکردووین و جێگای چەمکە راستەقینەکانی ژیانیان گرتووەتەوە، بە تایبەتیش خۆشەویستی.

 

 لە سەردەمی باو و باپیرانماندا، نامەی خۆشەویستی بە پێنوسی حیبر دەنووسرا و بۆنی میسکی لێدەدرا و ئەوەش تاکە شێوازی چاتکردن بوو لە نێوان دوو خۆشەویستدا. ئەو نامانە زۆر بە جوانی دەنووسران و بە دەستەواژەی (بەناوی خوای گەورەو میهرەبان) دەستی پێدەکرد ... تا دوایی.

دوای پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا، گۆڕینەوەی پەیامی خۆشەویستی گۆڕانکاری بەسەردا هات و خۆشەویستان لە رێگای تەلەفۆنی ئەرزیەوە خۆشەویستییان ئاڵوگۆڕ دەکرد. كچە هەموو ڕۆژێک تا درەنگانێکی شەو چاوەڕێی کوڕەی دەکرد تا پەیوەندی پێوە بکات و چەند دەقەیەک و زۆر زۆرەکەی نیو کاتژمێر چرپە چرپیان دەکرد. دڵی لای خۆشەویستەکەی و چاوێکیشی لەسەر دەرگاکە بوو نەوەک باوکی لەخەو هەستێت.

لەمڕۆدا، هەموو شتێک جیاوازە. پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا پێشبینییەکانمانی تێپەڕاندووە و ئەپڵیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و سایتی ئەلیکترۆنی ژوان کردن دەستی بەسەر نەوەی ئەم سەردەمەدا گرتووە. زۆر ئاساییە یەکێک هاوڕییەکی بە (دواکەوتوو) دابنێت ئەگەر مۆبایلەکەی یەکێک لەم ئەپڵیکەیشنانەی تێدا نەبێت.

پسپۆڕانی پزیشکی دەمار دەڵێن کە خۆشەویستی دەرئەنجامی دەرکردنی هۆڕمۆنی (دۆپامیین)ە لە لەشدا. بەڵام ئەوەی کە زۆر کەس نایزانێت ئەوەیە کە مرۆڤ پێویستی بەوە نییە ماوەیەکی درێژ ژوان لەگەڵ یەک ببەستێت بۆ ئەوەی ئەم هۆرمۆنە دەربکات. (هێلین فیشەر) پزیشکی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت مێشکی مرۆڤ هەڵدەستێت بە دەرکردنی هۆرمۆنی دۆپامین کاتێک دەزانێت کەسی بەرامبەر سەرنجی رادەکێشێت. رەنگە ئەم پرۆسەیە چەندین مانگ یان چەند چرکەیەکی پێ بچێت. ئەم پرۆسەیەش بووەتە هۆی بەناوبانگبوونی ماڵپەڕە گەورەکانی ژوانبەستن. چونکە مێشکی مرۆڤ لەتوانایدایە قورسترین بڕیارەکان لە ماوەی چەند چرکەیەک بدات، هەر ئەمەشە مێشکت لەگەڵ بەرنامەکانی ژوانکردن دەیکات.

 

شێوازی کارکردنی ئەپلیکەیشنەکان:

ئەپڵیکەیشنەکانی ژوانکردن رێگا بە بەکارهێنەران دەدات کە هاوبەشی خەونەکانیان هەڵبژێرن لە رێی بینینی فایلی ئەو کەسە بە وێنەیەکی بچووکەوە و چەند کورتە زانیارییەک لەبارەیانەوە. هێلین فیشەر پێی وایە ئەمە بەسە بۆ ئەوەی مێشک هەڵبستێت بە دەرکردنی هۆرمۆنەکە.

هەندێک لە ئەپڵیکەیشنە بەناوبانگەکان وەکو (Tinder) فایلی تایبەتی ئەو کەسانەت نیشان دەدات کە لە رووی جوگرافیاوە لێت نزیکن و ئەوەی لەسەرتە تەنها ئەوەیە کە پەنجە بنێیت بە لایکدا بۆ ئەوەی گفتوگۆی نێوان تۆ و ئەو کەسە دەستپێبکات. بە هەمان شێوەی Tinder، هەریەک لە WeChat و Skout هەڵدەستن بە بەکارهێنانی بەرنامەی جی پی ئێس بۆ نیشاندانی فایلە تایبەتییەکان بە بەکارهێنەر.

هەندێک بەرنامەی دیکەی وەک (OKCupid) پشت بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر دەبەستن. ئەم ئەپڵیکەیشنە داوای زانیاری تەواو تایبەت دەکات، جگە لە خوێندن و کار و ئارەزوو و تواناکانت. پاشان هەڵدەستێت بە بەراوردکردنی ئەم تایبەتمەندییانەی بەکارهێنەر لەگەڵ کەسانی دیکەی هاوشێوە و لیستی کەسانی "گونجاو" بە بەکارهێنەر دەدات.

 

نهێنی سەرکەوتنەکانی ئەم ئەپلیکەیشنانە

تەنها یەک شت هەیە کە ئەم ئەپڵیکەیشنانە کۆ بکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە سیستمی کارپێکردنیان بۆ گەڕان بە دوای کەسەکاندا ئاسانە. ئەم ئەپڵیکەیشنانە چانسی گەیشتن بە لایەنی دووەم زۆر ئاسان دەکات بێ ئەوەی هیچ رێگرییەک یان پەستانێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بێت و پێویستت بە وێنەی زۆر و دەستەواژەی شاعیری بێت بۆ ئەوەی سەرنجی رەگەزی بەرامبەر رابکێشیت. هەروەها چانسی ئەوەت بۆ دروست دەکات کە بتوانیت لەگەڵ زیاتر لە کەسێک قسە بکەیت لە هەمان کاتدا، ئەمەش وا دەکات کە چانسێکی باشترت هەبێت بۆ دۆزینەوەی هاوبەشی خەونەکانت یان بەڕێکردنی پەیوەندییەکی سەرپێی کە هەرگیز بیرت نەچێتەوە.

 

رۆژ لە دوای رۆژ ئەم ئەپڵیکەیشنانە لە عێراقدا رەواجی زیاتر دەبێت، بەکارهێنەرانی وی چات و سکاوت گەواهیدەری ئەم راستییەن. بەڵام تا ئێستا هیچ راپۆرتێک بەردەست نییە لەسەر حاڵەتێکی هاوسەرگیری لە رێگای ئەم ئەپڵیکەیشنانەوە..

ئەمەش وامان لێدەکات بپرسین... "ئایا عێراقییەکان وەکو رۆژئاواییەکان ئەم ئەپڵیکەیشنانە بەکاردەهێنن؟ ئایا پەیوەندییکی راستەقینە بەدەست دەهێنن؟" یان "عێراقییەکان تەنها بۆ سەرکوت کردنی لایەنی سێکسی و دەروونییەکانیان بەکاری دەهێنن؟".



بڵاوی بكه‌وه‌ له‌

نوێترین هه‌واڵ

 


10 شوبات 2016

نەوت، ئایندەى کەرکوک یەکلاى دەکاتەوە؟
09 شوبات 2016

(باربی ئیسلامی) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرقاڵ دەکات
09 شوبات 2016

دۆخی ئابوری و هاوسەرگیری پێشوەختە و ناپاکی هاوسەرگیری ئەلیکترۆنی ڕێژەی جیابوونەوە لە عێراق زیاد دەکات
09 شوبات 2016

ڕەباب حازم- وێنەکێشان بە بچوکترین وردەکارییەکانەوە
09 شوبات 2016


جميع الحقوق محفوظة © يلا