به‌شداریمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن

Image 2
 Shalaw Muhammad / Yalla 

نەوت، ئایندەى کەرکوک یەکلاى دەکاتەوە؟

09 شوبات 2016


هەواڵ    

نەوت، ئایندەى کەرکوک یەکلاى دەکاتەوە؟

شاڵاو محەمەد – یەڵڵا  کەرکوک

بەرپرسانی‌ هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی‌ نەوتی‌ کەرکوک ڕاستەوخۆ بە ئایندەی شارەکەوە گرێ بدەن ، هەرچەندە پێشتر ئەزموونێکی‌ تاڵ لەمڕووەوە لەنێوان هەرێم و ناوەند هەیە ، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکەی دەڵێن تاکە رێگەچارەی‌ یەکلایکردنەوەى  ئایندەى کەرکوک بەردەوامیپێدانی‌ فرۆشتنی نەوتی شارەکەیە لە ڕێگەی هەرێمەوە.

لەئێستادا دۆسیەی‌ نەوتی‌ کەرکوک بوەتە گرێکوێرەی‌ پەیوەندییەکانی‌ نێوان هەرێم ‌و ناوەند، بەجۆرێک سەرۆک وەزیرانى عێراق بودجەى هەرێمى کوردستانى لەسەر بڕیوە تاکو کاتى گەڕانەوەى داهاتەکەی‌ ، هەرێمیش دەڵێت ئێمە بەرەو سەربەخۆ فڕۆشتنى نەوتى هەرێم دەچین بە نەوتى کەرکوکیشەوە.

دواین لێدوان لەو چوارچێوەدا دووشەممەی ‌ رابردو 2ی‌ شوبات بوو کاتێک مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند " دەتوانین کەرکوک بەهێزی سەربازی و قۆرخکردنى نەوتى شارەکە بگەڕێنینەوە سەر کوردستان چونکە تاکو هێز ئەمرۆ بەرگری لەو شارە دەکات هێزی پێشمەرگەیە ، تاکو رێگەش بۆ فرۆشتنى نەوتى کەرکوک هەرێمى کوردستانە بەڵام  دەمانەوێت بە ئاشتی ئەو خاکە داگیرکراوەمان وەربگرینەوە "

ئەم هۆشداریدانەی‌ ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم لەکاتێکدایە ، رێککەوتنێک لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە کە مێژووەکەی‌ بۆ 11ی‌ کانوونی‌ یەکەمی‌ 2014 دەگەڕێتەوە ، لەبارەی‌ نەوت‌و بودجەی‌ هەرێم ، بەپێی‌ رێککەوتنەکە، هەرێم دەبێت رۆژانە بڕی‌ 300  هەزارى نەوتى کەرکوک  و 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم لەرێگەی‌ کۆمپانیای‌ نیشتمانی‌ بۆ بەبازاڕکردنی‌ نەوتی‌ عێراق (سۆمۆ) هەناردە بکات ، لەبەرانبەردا حکومەتی‌ عێراق مانگانە بەڕێژەی‌ 17% بودجەی‌ عێراق بەشە بودجەی‌ هەرێم و و بودجەى پترۆ دۆلارى کەرکوک  بنێرێت، هەرچەندە تائێستا ئەم رێککەوتنە نەچووەتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە، هەردوولاشیان یەکتری‌ تۆمەتباردەکەن بەپابەندنەبوون  پێوەی‌.

لەو بارەیەوە ، سەفین دزەیى ووتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یەڵڵا –ى ڕاگەیاند " پێش هاتنى داعش بۆڕى نەوتى نێوان کەرکوک – بەندەرى جەیهانى تورکى چەندین جار تەقێنرایەوە ، ئێستاش موسڵ داعشى دەستى بەسەرداگرتوە بۆیە تاکە شوێن ئابورى کەرکوک پارێزراو بکات و نەوتى شارەکەى تێدا بفڕۆشێت هەرێمى کوردستانە ، ئەمەش ئایندەى کەرکوکى بۆ کوردستان زیاتر یەکلاى کردۆتەوە کردۆتەوە "

بەپێی‌ مادەی‌ (140)ی‌ دەستوری‌ عێراقی‌ کە ساڵی‌ 2005 دەنگی‌ لەسەردراوە، دەبێت هەتا کۆتایی‌ ساڵی‌ 2007 بارودۆخی‌ ناوچە جێناکۆکەکان ئاسایی‌ بکرێتەوەو پاش ئەوەش سەرژمێری‌ تیایاندا ئەنجام بدرێت‌و ئینجا راپرسی‌ لەناو خەڵکەکەیدا بکرێت بۆ ئەوەی‌ چارەنووسی‌ ئەو ناوچانە یەکلایی‌ بکرێتەوە.

ئەو پارێزگایانەی‌ مادەی‌ 140 دەیانگرێتەوە‌و لەنێوان بەغداو هەرێم کێشەیان لەسەرە بریتین لەپارێزگاکانی‌ کەرکوک‌و نەینەواو هەولێرو دیالە‌و سەلاحەدین، بەڵام هەمیشە کە باس دێتە سەر جێبەجێکردنی‌ مادەکە، کەرکوک پشکی‌ شێری‌ بەردەکەوێت.

 

دوای دەرکەوتنی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هێزە کوردییەکان پێیان وایە مادەی‌ 140 جێبەجێ بوە ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئابوری و سەربازی ئەو ناوچەیە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستاندایە.

لەگەڵ ئامادەکارییەکانی‌ هەرێم بۆ یەکلایکردنەوەى ئایندەى کەرکوک لەڕێگەى فرۆشتنى نەوتەکەیەوە بەڵام بەپرسانی بەغداد‌ ئەو هەنگاوە بەسەرکەوتوو نابین ‌و پێیانوایە کێشەکانی‌ هەردولا  زیاتر قووڵدەبنەوە و دەڵێن: پێویستە هەرێمی‌ کوردستان لەئێستادا بیر لەهەناردەکردنی‌ نەوتی کەرکوک بکاتەوە نەک یەکلایکردنەوەی خاکەکەی .

عاسم جیهاد ووتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق بە یەڵڵا ى ڕاگەیاند "لەسەرەتایى فڕۆشتنى نەوتى کەرکوک لەڕێگەى هەرێمەوە ترسى ئەوە هەیە کوردستان بۆ یەکلایکردنەوەى کەرکوک بەکارى بهێنێت چونکە ئابورى ووڵات لە هەر هێزێک بێت هاونیشتیمانیان ڕوو لەو هێزە ئەکەن ".

 عاسم جیهاد ئەوەش دەخاتەڕوو "دەبێت هەرێم تەنها بیر لە فڕۆشتنى نەوتى کەرکوک بکاتەوە نەک یەکلاکردنەوەى خاکەکەى چونکە ئاڵۆزى دروست دەکات ".

لەبەرابنەر ئەو ووتەى ووتەبێژەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق‌ ، پارێزگارى کەرکوک دەڵێت "بەردەوام  بیرمان لەوە دەکردەوە لەڕێگەی‌ هەرێمەوە نەوتى شارەکە بفرۆشرێت ، چونکە نەتەوەکانى کەرکوک متمانەیان بە حکومەتى هەرێمە ".

نەجمەدین کەریم پارێزگارى کەرکوک بە یەڵڵا – ڕاگەیاند " حکومەتى هەرێم بڕى 10 ملیۆن دۆلارى وەک هەنگاوى یەکەمى فڕۆشتنى نەوتى کەرکوک داوە بە کەرکوک ئەمەش هەنگاوێکى گرینگە بۆ ئەوەى کەرکوک ئاوەدان بکەینەوە بەو بودجەى پترۆ دۆلارەى کە لەڕێگەى فرۆشتنى نەوتى کەرکوک لەڕێگەى هەرێمەوە بەدەستمان هێناوە ".

پارێزگای کەرکوک خاوەنی پێنج کێڵگەی نەوتییە کە سێ لەو کێڵگانە لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیای نەوتی باکووردان‌ و بریتین لەکێڵگە نەوتییەکانی (جەمبور و خەبازە و بابەگوڕگوڕ) هەروەها دوو کێڵگەی دیکەش (بای‌ حەسەن‌و هاڤانە) لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان، نەوتی هەر پێنج کێڵگەش نزیکەی 340 - 400  هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا بەرهەمى هەیە و لەرێگای بۆڕی نەوتی کوردستان – جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.

 پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا هەرێم سەرکەوتوو دەبێت لەفرۆشتنی‌ نەوتى کەرکوک بۆ دیاریکردنى ئایندەى ئەو شارە کە جارێکى دیکە کەرکوک  گرێدراوى مادەیەکى دەستوورى تر نەبێتەوە؟



بڵاوی بكه‌وه‌ له‌

نوێترین هه‌واڵ

 


10 شوبات 2016

نەوت، ئایندەى کەرکوک یەکلاى دەکاتەوە؟
09 شوبات 2016

(باربی ئیسلامی) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرقاڵ دەکات
09 شوبات 2016

دۆخی ئابوری و هاوسەرگیری پێشوەختە و ناپاکی هاوسەرگیری ئەلیکترۆنی ڕێژەی جیابوونەوە لە عێراق زیاد دەکات
09 شوبات 2016

ڕەباب حازم- وێنەکێشان بە بچوکترین وردەکارییەکانەوە
09 شوبات 2016


جميع الحقوق محفوظة © يلا